چالاکێکی ژینگەپارێزی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە پێبەندی ئەلیکتۆرنی ئازاد کرا

خۆڕاگری: فەرهەنگ عەیوەزی، چالاکی ژینگەپارێزی سنە پاش تێپەڕکردنی ماوەی ١ساڵ لە سزای بەندکردنەکەی کە ٤٥ مانگ بوو، باقی ماوەی سزاکەی لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕ دەکات.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرهەنگ عەیوەزی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی “تەنگیسەر”ـی سەربە شاری سنە بە تێپەڕکردنی ماوەی یەک ساڵ و چوار ڕۆژ لە سزای ٤٥ مانگ بەندکردن، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی چاودێرییەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکرا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ پاش بانگکردنی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە، دەسبەسەرکرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، هاوینی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بە سەرۆکایەتی قازی “سەعیدی” بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٥ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژبە ڕێژیم سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە دواتر بۆ ٤٥ مانگ بەندکردن و ١٥ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێندراو کەم کرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە، فەرهەنگ عەیوەزی، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەرکرابوو و ڕۆژی شەممە ٣ی ڕێبەندانی هەمانساڵ دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.