بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەکەدا کە دوانیوەڕۆی هەینی، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی و بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چەند سەت کەس لە ئەندامانی حیزب و ئەندامانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، پەیامی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ئەندامی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -لەلایەن ئامانج زیبایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبەوە- خوێندرایەوە کە لەودا پێداگری لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی زیندانییانی سیاسی و خاوەندارەتی لە مێژووی پڕسەروەرییان کرابوو.

لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا سەلاح خزرپوور پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێشکێش کرد. لەو پەیامەدا هاتبوو: “گرنگیدان بە ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەنداریەتی لە خۆڕاگری و فیداکاریی زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان ئەرکێکی مرۆیی، نەتەوەیی و خەباتگێڕانەیە. با ئەمساڵیش ئەم ڕۆژە بکەینەوە بە بۆنە و درفەتێک بۆ زیندووڕاگرتن و بەرزنرخاندنی کەسایەتی و ورەبەرزیی زیندانیییە سیاسییەکان و فیداکاریی بنەماڵەکانیان. پێویستە هەوڵەکانمان بۆ گوشار خستنەسەرکۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی ئێعدام و سزا و ئەشکەنجە و حوکمی ناعادڵانە دژی گیراوانی سیاسی چڕ بکەینەوە. دەبێ ڕێژیمی دڕندەی ئێران کە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بەحەق نازناوی “کۆماری ئێعدامی”ی پێ دراوە، هەست بکا کە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بە تەنیا نین.”

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەو بۆنەیە لەلایەن خاتوو سیمین ڕوحانی خوێندرایەوە. لەو پەیامەشدا هاتبوو: “ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان پێویستە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆڕوکۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم لایەن و تاکەکان لەهەر هەلومەرج و بارودۆخێکدا ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان لەبیر بێت. پێویستە هەمووان لە هەموو بۆنەیەکدا دەنگی بەندییە سیاسییەکان لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات بین و بە پشتیوانیی بەردەواممان ڕێژیمیش تێ بگەیەنین کە بەندییە سیاسییەکانمان هەموو خەڵکی کوردستانیان لە پشتە و کۆمەڵگەی کوردستان لە ئاست چارەنووسی ئەواندا خۆیان بە ئەرکدار دەزانن.”

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی زیندانیی سیاسیی کورد لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا باسی لە پێویستیی تۆمارکردن و بەڵگەمەندکردنی مێژووی قوربانیدانی زیندانیانی سیاسی و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی وەک کۆمەڵە دۆسییەیەک بۆ بەدواداچوونی قەزایی لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا کرد.

خوێندنەوەی پەخشانێک لەلایەن مامۆستا بێبەش، خوێندنەوەی پەیامی ڕێزلێنانی ئەنجوومەن لە زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەکانیان لەلایەن فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای شەهید هیدایەت عەبدوڵڵاپوور چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.

لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پەردە لە کتێبی “زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە لە دیرۆکی خۆڕاگریدا”، بەرهەمی چاپکراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لادرا و ڕێزنامەی ئەنجومەن پێشکێش بەو کەسانە کرا بە کاری ئامادەکردن و چاپی ئەم کتێبەوە ماندوو بوون.