پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی”١٢ی جۆزەردان”ڕۆژی بەندییە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!

زیندانییە سیاسییە تێکۆشەرەکان! 

    پترلە ٤٤ ساڵە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەسەڵات بە دەستە و لەو ماوەیەدا، زۆر کردەوە و ڕەفتاری دژە مرۆڤانە و پێشێلکەری مافی مرۆڤی ئەنجام داوە. ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، کە گەڵانی زوڵملێکراوی  ئێران، شۆڕشیان بۆ کردبوو، لەوان زەوت کرد. خەڵکی ئێرانی بە ئۆممەت شوبهاند و داوای لێکردن ملکەچی یاسا کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانییەکانی ئەو ڕێژیمە و بڕیارەکانی بن.

    خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە داواکاری ئازادی، دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بوون، هەر لە سەرەتاوە سەریان بۆ ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و دژە مرۆییە نەوی نەکرد و زۆر زوو هەڵوێستیان لەبەرانبەریدا گرت. هەر بۆیە لە یەکەم ساڵی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامییەوە، بەرەوڕووی هێرشی نیزامی، گرتن و زیندان، ئەشکەنجەکردن، ئێعدام و گیان لێ ئەستاندن، ئەمنییەتی کردنی ژیان، بوونەوە و، ئەم دیاردانە بوون بە بەشێکی هەمیشەیی لە ژیانی ئەوان. خەڵکی کوردستان بوون بە ئامانج و شایەتی کارەسات و تاوانی یەک لە دوای یەک. دەسەڵاتی جەهەننەمی و خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی، کەوتە لەشکرکێشی و تۆڵەستاندنەوە لە نەتەوەیەک کە ملی بۆ کەچ نەکردبوو و لە نێو شار و گوند و لە چیاکانی خۆی بەرامبەری ڕاوەستابوو. بەم جۆرە وێرانیی شار و گوندەکان، قەڵاچۆی دانیشتوانی دەیان گوند، باراندنی ئاسن و ئاگر بە سەر خەڵکی کوردستاندا، کۆچپێکردنی زۆرەملیی خەڵک و دوورخستنەوەیان، پڕ کردنی بەندیخانەکان لە لاوانی کوردستان و ئێعدامی بەکۆمەڵ و پۆل پۆلی لاوی کورد، بوون بە ڕەوتێکی ئاسایی. جگە لە سەدان لاو کە لە بەندیخانەکان گوللەباران کران، هەزاران لاوی پێشمەرگەش لە سەنگەری ڕاوەستان بەرامبەر لەشکری خوێنڕێژی ئەو ڕێژیمەدا شەهید بوون، بەڵام خەبات و بەربەرەکانی بەرامبەر بەو ڕێژیمە لە کوردستان درێژەی کێشا و کۆتایی پێ نەهات.

    لە درێژەی ئەو ڕەوتە داگیرکەرانە و سەرکوتکەرانەیە لە کوردستانی ئێراندا، چل ساڵ لەمەوبەر کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە تاوانێکی گەورەیان ئەنجامدا.  ڕۆژی ١٢ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢ ی ژوئەنی ١٩٨٣زایینی ، پەنجاو نۆ لاوی مەهابادی کە بە ڕەشبگیر گیرابوون، لە بەندیخانەی شاری تەورێز گیانیان لێ ئەستێندرا.

    ئەو ٥٩ لاوە کە جگە لە کورد بوون تاوانێکی دیکەیان نەبوو، ژمارەیەکیان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ و قوتابی ولە قوتابخانەکان دا، خەریکی خوێندن و خۆپێگەیاندن بوون. لە دادگایەکی نادیار دا بێ ئەوەوی مافی بەرگریکردن لە خۆیان هەبێت،سزای زاڵمانەی ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندرا. خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی بنەمالەکانی  ئەو ٥٩ لاوە شەهیدە، دوای ٤٠ ساڵ  هەر وا بە ئازاری قووڵایی ئەو تاوانە و چۆنیەتیی گیان لێ ئەستێندرانی ڕۆڵەکانیان و دیار نەبوونی گڵکۆکەیان، دەتلێنەوە.

خەڵکی ئازادیخواز و مافویستی کوردستان!

    کۆماری ئیسلامیی ئێران پتر لە ٤٤ ساڵە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و سەپاندنی یاسا دژی گەلییە نووسراو و نەنووسراوەکانی، بە توندترین شێوە لەگەڵ جیابیران و دژبەرانی خۆی جووڵاوەتەوە. بە تایبەتی لە کوردستان کە نەتەوەی کورد ڕێفڕاندۆمی “کۆماری ئیسلامی نە یەک وشە زیاد و نە یەک وشە کەم”ی ڕەت کردەوە. ئەو ڕێژیمە نەگبەتە لە دەیەی یەکەمی تەمەنی خۆیدا کە بە دەیەی مەترسیدار(دهە وحشت) ناوی دەبرێ پتر لە ٤٠ ئیعدامی بە کۆمەڵی لە بەندیخانەی پارێزگاکانی، ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ، و شارەکانی دیکەی ئێران بەتایبەتی تاران، ئەوین، و گەوهەردەشتی کەرەج ، لە سەر بەندکراوانی سیاسیی کورد جێبەجێ کرد.

    ئاشکرایە کە لە کۆماری ئیسلامیدا نە شتێک بە ناوی جورمی سیاسی پێناسە کراوە و نە دان بە بوونی بەندیی سیاسیی دادەنرێت. بەندییە سیاسییەکان لە ئاکامی نەبوونی یاسای تاوانی سیاسی، بە تۆمەتە بێ بنەماکانی وەک “فەساد لەسەر عەرز” و “شەڕ لەگەڵ خودا و پێغەمبەر”  و جاسووسی بۆ بیگانە”  تاوانبار دەکرێن و حوکمی زاڵمانەی ئێعدام یا بەندکرانی درێژ ماوە و بڕینەوەی لاق و دەستیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

    ئەوەی پێویستە جەخت و هەڵوێستەی لەسەر بکەینەوە، بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی لەسەر سەرکوت و تەپەسەری و ئێعدام و بەندکردنی ئازایخوازان و مافویستانە. ئەم ڕەوتە پێ بە پێی پەرەستاندنی بێزاری و تووڕەیی خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە و هاتنە مەیدانیان بۆ رووخاندنی، توند و تیژتر بەڕێوەچووە.  کوشتاری ژنان و لاوانی ڕاپەڕیو و ئێعدامی لاوانی بەشدار لە شۆڕشی ژینا لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ.

   ڕووداوی شەهید کردنی ژینا ئەمینی لە تاران وەک “قتل حکوومەتی “، خەڵکی کوردستان و زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێرانی  لە ژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، هێنایە سەر شەقام کە بەحەق خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئازادیخوازی جوغرافیای ئێرانی بردە قۆناغێکی بێ وێنە. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گوێدان بە یاسا ئینسانی و نێودەوڵەتییەکان، کە مافی ئازادی ڕادەبڕین و ناڕەزایەتیی نیشاندان سەبارەت بە پێشێکارییەکانیان بەفەرمی ناسیون، لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی ڕەش و دیکتاتۆریی خۆیی دەستی بە کوشتن و دەستبەسەرکردنی خۆپێشاندەران کرد. بەداخەوە لە پەلاماری ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئازادیخوازان و خەڵکی ناڕازی لەو ڕێژیمە، پتر لە ١٣٠ کەس لە کوردستان  گیانیان لەدەستداوە،کە ١١کەسیان ژێر ١٨ ساڵ بوون، ٥ کەسیان ژن بوون، ١١کەس لە ژیر ئەشکەنجە دا گیانیان لێ ئەستیندراوە و نزیکەی ٧٠٠ کەس لە سەرانسەری ئێران بوونە قووربانی، و پتر لە ٥٠٠ کەس بۆ هەمیشە نابینا کران یا تەنیا چاوێکیان بۆ ماوەتەوە.  

    ئامارەکان لە گیرانی پتر لە ٨٠ هەزار کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و خەڵکی ڕاپەڕیوی بەشداری خۆپێشاندانەکان دەدوێن؛ چەند هەزار کەس لە گیراوەکان لاوانی کوردستانن کە بەشێکی بەرچاویان سزای قورس و بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە. خەڵکی کوردستان و بەلووچستان هەر وا کە لە پێشەنگان و درێژەدەرانی  شۆڕشی ژینا بوون، لە سەرکوتکران و لە دەستدان و گیرانی لاوەکانیشیاندا “پشکی شێریان وەبەر کەوتوە”.  

    لە هەلومەرجی ئێستادا ئەرکی سەرشانی ئێمە و ڕێکخراوەکانی‌تری بەرگری لە مافی مرۆڤە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە سەر شەقامەکان و لە نێو بەندیخانەکان و لە بێدادگاکانیدا، بەڵگەمەند و بە دێکیۆمێنت بکەین،  ببین بە دەنگی زیندانیانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان، و بیروڕای گشتیی وڵاتان و کۆڕ و ناوەندەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ لە جیهان و  ڕێکخراو نێونەتەوەیییەکانی لێ ئاگادار بکەینەوە.

زیندانییە سیاسییە تێکۆشەر و خۆڕاگرەکان!

    ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ڕابردوو بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانی و هاودەنگیی نێوخۆیی و دەرەوە  لە گەڵ بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، هەر وەها بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشان و کەسایەتیی بەندکراوانی سیاسی، بە پشتیوانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە مەبەستی خاوەندارەتی لەو توێژە گرینگەی خەباتکاران، ڕۆژی “١٢ ی جۆزەردان” بیرەوەریی ئێعدامی ٥٩ لاوی کوردی وەک “ڕۆژی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” ناودێر کردووە. جێی خۆشحاڵی و سپاس و پێزانینە کە وێڕای چەند ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (چاو نیوز، هەنگاو، ناوەندی نەمران، ڕێکخراوی جیهانی کورد، کوردستان تریبوناڵ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا)، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان ( پاک)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، یەکیەتیی دێموکراتیکی کوردستانیش، ڕۆژی “١٢ی جۆزەردان”یان وەک “ڕۆژی زیندانیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” پەسند کردووە. 

    هیوادارین هەموو ئەو ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییانەی لە ناودیرکردنی ئەم ڕۆژەدا وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانمان بوون، لە ڕاکێشانی زۆرترین هاودەنگی و پشتیوانیی دەرەکی و نێوخۆیی بۆ لای بەندییە سیاسییەکانی ئێران بە گشتی و بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، هاوکار و پشتیوانمان بن. گرنگیدان بە ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەنداریەتی لە خۆڕاگری و فیداکاریی زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان ئەرکێکی مرۆیی، نەتەوەیی و خەباتگێرانەیە. با ئەمساڵیش ئەم رۆژە بکەینەوە بە بۆنە و درفەتێک بۆ زیندوو ڕاگرتن و بەرزنرخاندنی کەسایەتی و وەرە بەرزیی زیندانیییە سیاسییەکان و فیداکاریی بنەماڵەکانیان. پێویستە هەوڵەکانمان بۆ گوشار خستنەسەرکۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی ئێعدام و سزا و ئەشکەنجە و حوکمی ناعادڵانە دژی گیراوانی سیاسی چڕ بکەینەوە. دەبێ ڕێژیمی دڕندەی ئێران کە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە بەحەق نازناوی”کۆماری ئێعدامی”ی پێدراوە، هەست بکا کە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بە تەنیا نین.

نەتەوە بندەستەکانی ئێران!

خەڵکی تێکۆشەر و خەباتگێری کوردستان!

    ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەکساڵەی ناودێرکرانی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێرای ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگریی بەندکراوانی سیاسی، یادی هەموو ئەو شەهید و نەمرانە بەرز ڕادەگرێ کە گیانیان و ژیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیاندا پێشکەش کرد. کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە بڕیاری لێبڕاوانەی خەڵکی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی ڕێژیمەکەی دڵنیایە، دەیەوێ بە کوشتن و بەندکردن، مۆتەکەی ڕووخان لە خۆی دوورخاتەوە و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران یەک بە دوای یەک ڕۆڵە شۆڕشگێڕە بەندکراوەکانمان ئێعدام دەکا. بۆیە پێویستە هەموو نەتەوەکانی ئێران بە درێژەدان بەو یەکێتی و هاودڵی و هاوخەباتییەی لەم مانگانەی دواییدا نیشانیان داوە، پشتیوانی بەندییە سیاسییەکان بن، بە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی و دروشمی بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پاشەکشە بە ماشێنی ئێعدام وسەرکوت بکەن.

بەرز و بەڕێز بێ، یادی شەهیدانی ١٢ ی جۆزەردان و سەرجەم بەندییە سیاسییەکانی قوربانیی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی،

  سەر کەوێ بزووتنەوی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی دژ بە دیکتاتۆری لە سەرانسەری ئێران  

 بەڕێز بێ ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ژن، ژیان، ئازادی

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان

١٢ ی جۆزەردانی ١٤٠٢ ی هەتاوی

٢ ی جوونی ٢٠٢٣ ی زایینی