نووسەرێکی خاوەن پێداویستیی خەڵکی سەقز، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری خاوەن پێداویستی تایبەتی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕابردوودا فیرووز عەبدوڵڵاهی، نووسەری کتێبی منداڵان و تەمەن ٥٤ ساڵانی خەڵکی شاری سەقز کە پێنج یەک مانگ و یەک حەوتوو لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بە تۆمەتگەلێکی وەکوو ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و چالاکی تەبلیغی دژی ڕێژیم، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی،، لەلایەن قازی “مەسعوود حاجیزادە” ئەو سزایە بە ڕەسمی بەو نووسەرە ڕاگەیاندرا و ناوبراو بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی سزاکەی دەتوانێت داوای پێداچوونەوە بکات و هەروەها بێجگە لەو سزایە کە یەک ساڵ بەندکردنە، سزای زەوتکردنی مۆبایل و قەدەغەکردنی کارەکەی کە دەسفرۆشییە، لە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەقز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فیرووز عەبدوڵڵاهی و دەسبەسەریان کردووە و دوای دەسبەسەرکردن بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە و دواتر ڕۆژی ٢٢ی مانگی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتیی و تا کۆتایی قۆناغی دادگاییکردنی ئازادکرا.