هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: لوقمان بیداری، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای هەشت مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، لوقمان بیداری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، دوای بانگکردنی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی خانەی دادی گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی کە ماوەی  ٨ مانگە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز کرا.

ناوبراو لە ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەو دوایییانەدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوەلە سەقز بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی کۆماری ئیسلامی سزای هەشت مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، لوقمان بیداری ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز دەسبەسەر کرا و هەروەها پاش تێپەڕاندنی ٣حەوتوو، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.