دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی “ئیدریس کارساز، محەممەد ڕەسووڵپوور و کەماڵ عوقابی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکای کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئیدریس کارساز و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەش، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، محەممەد ڕەسووڵپوور، خەڵکی گوندی “کۆنە قەڵا” و کەماڵ عوقابی، خەڵکی گوندی “بالاگیر”ـی وسەربە شاری شنۆ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.