دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی سەردەشت لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە بانگ کراون

خۆڕاگری: دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی سەردەشت بەناوەکانی “سەلام مەحموودیان و حەسەن خزری” بۆ چەندجارێک لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی لە ورمێ بانگ کراون.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەمجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان، پێشنوێژ و وتارخوێنی گوندی “بێوران”ـی خوارێ و مامۆستا حەسەن خزری، پێشنوێژ و وتارخوێنی گوندی “بێوران”ـی سەرێی سەربە شاری سەردەشت لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە کە تایبەتە بە مامۆستایانی ئایینیی لە ورمێ بانگ کراون و لەسەر ئەوەی پشتیوانیان لە شۆڕشی ژینا کردووە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ.

 ئەو دوو مامۆستا ئایینییە لە کاتی شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادیدا بەردەوام پشتیوانیان لە خەڵکی مافخوار کردووە و هەمیشە لە بەرەی خەڵژدا بوون و تائێستاش چەند جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هەروەها دادگای تایبەتەی بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیم بانگ کراون.