زارا محەممەدی وێڕای ڕەتکردنەوەی لێخۆشبوونی ڕێبەری لە زیندان دەر کرا

خۆڕاگری: ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی مامۆستا زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە یەک ساڵ لە سزای پێنج ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپاێندرابوو، لە کانوونی چاکسازی و پەروەردەی سنە بە بێ ئاگادار کردنەوەی خۆی و بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی ئازاد کرا. ئەوە لە حاڵێک دایە کە مامۆستا زارا دەڵێ کە بە هیچ شێوەیەک داوای لێخۆشبوونی نەکردووەو رەتی کردۆتەوە.

 زارا محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە یە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە و بە گشتیی پارێزگای سنە دا وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی  هەتاوی لە ماڵەکەی خۆیی لە  شاری سنە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و دواتر لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

پاش ماوەیەک و دوایی نارەزایەتی دەربڕین سزای ١٠ساڵ بەندکرانی ئەو هاووڵاتییە لە لایەن لقی ٤ی  دادگای پێداچوونەوە، ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بۆ سزای ٥ساڵ بەندکران کەم کرابوویەوە.

شایانی باسە زارا محەممەدی ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندی ژنان لە بەندیخانەی سنە کرا.