دەسبەسەرکردنی بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی کرماشان لەلایەن چەکدرانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حەمید فەرهادی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، حەمید فەرهادی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیناکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر دوای تێپەڕاندنی سزای چوار مانگ بەندکردنەکەی، لە بەندیخانەی ئێڤین‌ی تاران ئازاد کرابوو.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگە و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ناوبراو، بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەشی بێئاکام ماوەتەوە.