خۆڕاگری: ئازاد ڕەسووڵیفەرد و ڕەحیم شیلانی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی بۆ هەر کامێکیان، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کران.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٢ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئازاد ڕەسووڵیفەرد و ڕەحیم شیلانی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری بۆکان، پاش ماوەیەک دەسبەسەربوون هەرکامیان بە دانانی بارمتەی قورسی بە بڕی ٣ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کراون.
سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆڕاگری ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا وردەکاریی تەواو لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کراون، بە ڕوونی ئاشکرا نەکراوە و پرۆسەی دادگاییەکەیان لە داهاتوودا بەڕێوە دەچێت و هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا، دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە و زۆرجار دەزگا قەزاییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشارەکان یان تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، بڕیاری ئازادکردنی کاتی بە دانانی بارمتەی قورس دەردەکەن، کە ئەمەش وەک بژاردەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە دەسبەسەریی درێژخایەنی زیندانییان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا بەکار دێت.

Be the first to comment