خۆڕاگری: سوهەیل عەرەبی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی بیجاڕ سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانیدا، هێشتا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەجدا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدایە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٣ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سوهەیل عەرەبی، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بیجاڕ و دانیشتووی تاران، کە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ڕاگیراوە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا بە سەختی ئازار و ئەشکەنجە دراوە و بەوهۆیەوە بریندار و بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوای چارەسەری سەرەتایی گەڕێندراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و هەروەها نابراو وێبلاگنووس و براوەی خەڵاتی “ئازادیی ڕۆژنامەگەری”ـی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوورە و پێشینەی ساڵانێکی زۆر دەسبەسەرکردن و سزای قورسی هەیە کە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرەتا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دواتر لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا سزاکەی هەڵوەشایەوە.

Be the first to comment