دەسبەسەرکردنی ٢هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: زوبەیر حوسێن‌پەناهی و عەباس حوسێن‌پەناهی ٢هاووڵاتیی خەڵکی دێولان لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، زوبەیر حوسێن‌پەناهی و عەباس حوسین‌پەناهی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “قوڕوچا”ـی سەربە شاری دێولان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بە شێوەیەکی دڕەندانە پاش پشکنینی ماڵەکەیان دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردەوەی توندوتیژییان بەکار هێناوە و بەوهۆیەوە زوبەیرسەری شکاوە و هەموو پاش پشکنینی ماڵەکەیان هەموو کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

جێێ ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.