هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەلام ئازەری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە، پاش تێپەڕاندنی زیاتر لە ٢مانگ و ٢٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە نەغەدە کە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد و ماڵەکەشیان بە تەواوی پشکنیبوو و هەروەها کە دەسبەسەر کرا لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ لێکۆڵینەوەی لێکرا و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.