
خۆڕاگری: دوو چالاکی فەرهەنگی بواری زمانی کوردیی خەڵکی شیروان بەناوەکانی “ئەعزەم ناسری و حەسەن سەیفی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەعزەم ناسری و حەسەن سەیفی، دوو چالاکوانی فەرهەنگیی بواری زمانی کوردی و هاووڵاتیی خەڵكی شاری “شیروان”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکووری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبی بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار
ئەو دوو چالاکوانە ماوەی ساڵانێکی لە بواری فەرهەنگی و فێرکردنی زمانی کوردی لە نێوان کوردەکانی دانیشتووی شاری شیروان و بەگشتی پارێزگای خۆراسان چالاکیان هەبووە و هەروەها لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێائاکام ماوەتەوە.