دەسبەسەرکردنی کچە هونەرمەندێکی خەڵکی خۆراسان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەسمەر حەمیدی، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی خۆراسان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٩ی١١ی ٢٠٢٥ی زایینی) ئەسمەر حەمیدی، چالاکوانی فەرهەنگی و هونەرمەندی گۆرانیبێژی کوردی خەڵكی شاری “مانە‌سەمەلقان”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکووری، لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو کچە هونەرمەندا و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.