ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان پاش ١٢ڕۆژ

خۆڕاگری: بێهرووز شەریفیان، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان ماوەی ١٢ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بێهرووز شەریفیان، هاووڵاتیی خەڵكی شای بۆکان ماوەی ١٢ڕۆژ کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبراو ڕۆژ چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.