
خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بەناوەکانی ” هەمزە عوسمانی، عەبدوڵڵا باخە، ئومید باخە، حەسەن عوسمانی و ڕامیار ڕەزایی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، هەمزە عوسمانی، عەبدوڵڵا باخە، ئومید باخە، حەسەن عوسمانی و ڕامیار ڕەزایی، پێنج هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “درەناخی”ـی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو پێنج هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان، دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.