
خۆڕاگری: عەلیڕەزای خالیدی، هاووڵاتیی خەڵكی ورمێ ماوەی ٤ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، عەلیڕەزا خالیدی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری ورمێ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێڕانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست ودروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.