دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵكی دیواندەرە و بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: عەبدول ڕەسووڵی خەڵکی دیواندەرە و کەیوان سولەیمانی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، کەیوان سولەیمانی، خەڵكی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و ماوەی ١١ڕۆژ بێسەروشوێن بووە و دواتر لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، عەبدول ڕەسووڵی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی بهیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستا کە ١٢ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا تێدەپەڕێ، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.