مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی بانە جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە

خۆڕاگری: ئەمین قەیسەری، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بانە بۆ دووهەمینجار لەلایەن هێزە سەرکوتەرەکانی کۆمار ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا ئەمین قەیسەری، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گوندی “زرواری سەرێ”ـی سەربە شاری بانە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 مامۆستا ئەمین، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و ئەوکاتیش ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ هۆکارێکیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە نەخستەڕوو و هەروەها ئەمجارەش کە دەسبەسەر کراوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.