خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی خەڵكی شارەکانی ورمێ، مەریوان و ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی شەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار هاووڵاتیی خەڵكی شارەکانی ورمێ، مەریوان و ناوچەی سیروانی سەر بە پارێزگای ئیلام بەناوەکانی ئەشکان کەڵەکی، نەوید عەبدوڵڵاهی جەلیل مرادی و حوسێن مرادی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسیان ناڕوونە.
ئەشکان کەڵەکی، خەڵکی گوندی جەلقەران سەر بە شاری ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەکی لەسەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، نەوید عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی کانی دینار سەر بە شاری مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی بیست ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا، تائێستا بێسەروشوێنە.
لە پارێزگای ئیلامیش، گوشارەکان بەردەوامن و بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی خۆڕاگری، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی جەلیل مورادی و حوسێن مورادی، کە هەردووکیان خەڵکی شاری لوومار سەر بە شاری سیروانن، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە، نەبوونی زانیاری و وڵامنەدانەوەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی گیانی و تەندروستیی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە زیاتر کردووە و تاکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment