ئازادیی کاتیی دەسبەسەرکراوێکی خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتە

خۆڕاگری: ئارام شەعبان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئارام شەعبان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی یەک ملیارد تمەن، بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی شاری شنۆ ئازاد کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئارام شەعبان، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و لەهەمانکاتیشدا دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.