ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان

خۆڕاگری: تریفە ئەمانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان، نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: تریفە ئەمانی، هاوسەری “دلێر محەممەدی” چالاکی ژینگەپارێزی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان، دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مەریوان بانگی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە کراوە، دەسبەجێ دەسبەسەر و سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەسبەسەرکردنی، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

دلێر محەممەدی و تریفە ئەمانی، ژن و مێردی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوانن و خاوەنی دوو منداڵن کە لەو دوایییانە لێیان جودا بوونەتەوە و ئێستا منداڵەکانیان لە دۆخێکی دەروونیی نالەباردان و هەروەها دەسبەسەرکردنی “دلێر محەممەدی” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە، مانگێکی تر درێژ کرایەوە و تریفە ئەمانیش، چەند ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی هاوسەرەکەی، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مەریوان دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و هەروەها بارودۆخی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.