سەپاندنی سزای بەند کران بەسەر باوکی ڕەزا لوتفی شەهیدی شوڕشی ژینا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دێولان باوکی شەهیدێکی شوڕشی ژینا شەهید ڕەزا لوتفی بە ناوی “کەماڵ لوتفی”لە لایەن دادگای ئینقلاب سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولان بە تۆمەتی “چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم” سزای ١ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” سزای ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە خومەینی ” سزای ٢ ساڵ بەندکران کە سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.   

کەماڵ لوتفی لە ڕێکەوتی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی کامێران گواسترایەوە کە دواتر بە بارمتە ئازاد کرا. کە بۆ جاری دووهەم ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ دەسبەسەر کراوەتەوە.