خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان بەناوەکانی ” ئیبراهیم یووسفی، ڕوبینا ئەمینیان، ڕەزا قەنبەری و سامان نەزەری” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ئیبراهیم یووسفی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و لەلایەکی دیکەوە، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، ڕوبینا ئەمینیان، خوێندکاری بەشی هونەریی زانکۆی بەهەشتیی تاران، لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا، ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی خوێندنی زانکۆ و لە کاتی چوونە دەرەوەی لە زانکۆ، لە مەودایەکی نزیک و لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە، بنەماڵەی ناوبراو ئاماژەیان بەوە کردووە کە فیشەکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەر ڕوبینا کەوتووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا، زانیارییەکان باس لە کوژرانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانی بە ناوی ڕەزا قەنبەری دەکەن ئەگەرچی ڕەزا قەنبەری، قوتابی و خەڵکی کرماشان، شەوی شەممە ١٣ی بەفرانبار لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا پێکرابوو، بەڵام لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا وردەکاریی گیانلەدەستدانەکەی پشتڕاست کرایەوە و ناوبراو بە فیشەکی جەنگی و لە مەودای نزیکەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کراوەتە ئامانج.
هاوکات لە ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباردا، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵان بە ناوی سامان نەزەری، کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانە، لە شارۆچکەی “دەڕەدرێژ”ـی شاری کرماشان گیانی لەدەست دا و هەروەها نابراو لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارۆچکەیەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم تەقەی لێکراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
