خۆڕاگری: دلۆڤان شەریفی، کچێکی لاوی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، ڕۆژی شەممە، ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، دلۆڤان شەریفی، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو کچە لاوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەی شەریفی نەداورە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکەی.