دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵكی کامێران لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد دەشتی و ڕامین محەممەدی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی کامێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەد دەشتی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری کامێران و ڕامین محەممەدی هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

محەممەد دەشتی پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەسبەسەر کرا و سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا و هەروەها ڕامین محەممەدیش لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە کارهێنانی کردەوەت توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.