خۆڕاگری: ئیدریس مینبەری مامۆستای زمانی کوردی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵكی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١ساڵ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی سنە ئەو شارە کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی نۆژین و هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دە ساڵ بەندکردنەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە و ناردنەوەی دۆسیەکە بۆ لقی هاوتا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بە سەرۆکایەتیی قازی کەرەمی بەتۆمەتی پێک هێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١ ساڵ بەندکردنی تەعزیری و یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاگیرابوو بەسەردا سەپا.
