مانگرتنی چوار دەسبەسەرکراوی کورد لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ئیلام

خۆڕاگری: چوار دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارەکانی ئاودانان و دەڕەشار، بەنیشانەی ناڕەزایەتیی‌دەربڕین بە دوورینەوەی لێوەکانیان مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ٣ بەندکراوی خەڵکی ئاودانان بەناوەکانی “وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حوسێن حاسڵی” و هەروەها “بەختیار محەممەدزادە” خەڵکی “دەڕەشار”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، بەمەبەستی ناڕەزایەتیی‌دەربڕین لە هەمبەر بارودۆخی ڕاگیران و  دۆخی خراپی تەندروستی “وەحید چاوران” لە گرتنگەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام بە دوورینەوەی لێوەکانیان مانیان لەخواردن گرتووە

دۆخی تەندروستی وەحید چاوران، بەهۆی ئەوەیکە بەزۆری دەرمانی عەسابیان دەرخوارد داوە ناجێگیرە و تووشی هەڵسوکەوتی بێ‌ئیرادەی خۆی بووە و هەروەها ئە دەسبەسەرکراوانەی دیکەش بەگشتیی بارودۆخی تەندروستی و دەروونیان ناجێگیرە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش هیچ گرینگییەک بە دۆخی نالەباریان نادەن و تەنانەت لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.