دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ، کامێران و دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئارمان سوهرابی خەڵکی دیواندەرە، جەبار مەحموودی خەڵکی جوانڕۆ و محەممەد مورادینژاد خەڵکی کامێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئارمان سوهرابی، مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی شاری دیواندەرە، محەممەد مورادینژاد، فەرمانبەری بەڕێوەبەریی سامانە سروشتییەکانی ڕێژیم و خەڵکی گوندی “ئەڵک”ـی سەر بە شاری کامێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، جەبار مەحموودی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ، ئەکتەری بواری کۆمێدی و بلۆگەر، ماوەی یەک حەوتووە کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە و لەچاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتەوە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەروەها بە دواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.