خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی ١٩ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەد ئازەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی “ئەسفراین” لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هێشتا بە نادیاری لە زیندانی ئەو شارەدا ڕاگیراوە و هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەیەوە نەدراوە.
ئەمیرمحەممەد پیرۆزی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی “بۆجنورد” و ئەندامی تیپی مللی یاریی “جودۆ”، ماوەی ٥ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە و هەروەها لە شاری سنە، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵان بە ناوی “زانیار کەنعانی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.
شەپۆلێکی توندی گرتن شارەکانی پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە و تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین لاو و مێرمنداڵ لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون و خۆڕاگری ناوەکانیانی بەم جۆرە ئاشکرا کردووە: ڕەزا فێردەوس، هاووڵاتیی خەڵکی “دەڕەشار” ماوەی ٥ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی نییە.
لە شارەکانی ئیلام، ئاودانان، ئاسمانئاوا، دەڕەشار و چوار، شەش هاووڵاتی بە ناوەکانی موجتەبا محەممەدوەلی، عەلیڕەزا نەزەری، حوسێن مەقسوودی، ئەمیرعەلی لوتفی، ئەدیب نەزەری و حەمید مەلەکی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

Be the first to comment