خۆڕاگری: لە درێژەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران، ناسنامەیان ئاشكرا بووە.
ڕۆژی شەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، تازە ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دابوو، ناسنامەی ئەو قوربانییانە بەم شێوەیەیە: لە کاتی خۆپێشاندانەکان لە شاری ئەسفەراینـی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، هاووڵاتییەک بە ناوی بیژەن ئیبراهیمی بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کرایە ئامانج و دەسبەجێ گیانی لەدەستدا و دوای گیانلەدەستدانی، تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
لە مەیدانی “هەفت تیر”ـی شاری مەشهەد، لاوێک بە ناوی ئەمیرحسێن ئەمیری وەفا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرکوتنی فیشەک بە ملی، گیانی لەدەستدا و هەروەها هاووڵاتییەکی کوردی دیکەی خەڵکی قووچان بە ناوی ئەبولفەزل خان قەیتاقی، لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە بلواری “هەفت تیر”ـی مەشهەد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەرکەوتنی فیشەک بە سکی، شەهید بوو.

Be the first to comment