خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی بە ناوەکانی ئەکبەر دانشوەرکار و سەید محەممەد تەقەوی خەڵکی تاران و ئامۆل، لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بە شێوەیەکی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی “٣٠ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی” ئەکبەر دانشوەرکار بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری تاران و سەید محەممەد تەقەوی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ئامۆل کە لەساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی “بەغی” و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە فارسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەشێوەیە نهێنی و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لەسێدارە درا.
ئەکبەر دانشوەرکار، تەمەن ٦٠ ساڵان و ئەندازیاری شارستانی و سەید محەممەد تەقەویسەنگدەهی، تەمەن ٥٩ ساڵان و دەرچووی زانکۆ، لە زستانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی دەسبەسەر کرابوون و بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەبێ چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ کەسوکاریان بووە و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەناو بنەماڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە و هەروەها ئەمە لە کاتێکدایە کە چوار هاوبەندی دیکەی هەمان دۆسیە بە ناوەکانی پویا قوبادی، وەحید بەنیعامیریان، بابەک عەلیپوور و سەید ئەبولحەسەن مۆنتەزەر، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و چارەنووسیان نادیارە.
جێی ئاماژەیە کە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم لەسێدارەدانانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئاماری لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران لە سەرەتای گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە جێبەجێکردنی نهێنیی سزاکان، بەشێکە لە سیاسەتی تۆقاندنی زیاتری کۆمەڵگە و پەرەپێدانی سەرکوتکردنی ناڕازییان لە زیندانەکاندا.

Be the first to comment