گواستنەوەی نایاسایی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ هەوڵێک بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن

خۆڕاگری: دەسەڵاتدارانی ئێران لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازان و چالاکوانانی مەدەنی، دەستیان بە گواستنەوەی گوماناویی بەندکراوانی سیاسی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووەو ئەم ڕەفتارە کە وەک «ڕفاندنی یاسایی» وەسف دەکرێت، نیگەرانیی قووڵی لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٩ی ٣ی ٢٠٢٦ی زایینی” لە درێژەی بەدواداچوون زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکی شیکارییدا ڕایگەیاند: پرۆسەی گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی لە شاری مەریوان بۆ بەندیخانەی شارەکانی دیکە، کە وەک سزایەکی زیادە و ئازاری دەروونی سەیر دەکرێت، لە ئارادایە و شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کردارە بە مەبەستی دابڕانی کۆمەڵایەتیی بەندکراوان لە کەسوکاریان و ڕێگری لە بەدواداچوونی یاسایی ئەنجام دەدرێت، کاتێک بەندکراوێک لە شارەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستکراوەتر دەبن بۆ درێژەدان بە ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی، بەبێ ئەوەی چاودێریی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی لەسەر بێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، دۆخی بەندیخانەی سنە گۆڕانکارییەکی نائاسایی بەخۆیەوە بینیوە؛ گواستنەوەی کاروباری ئیداریی بەندیخانە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی کشتوکاڵی، نیشانەی تێکەڵکردنی دەسەڵاتەکان و پێشێلکردنی بنەماکانی جیاکردنەوەی ئەرکەکانە و شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی چاودێریی دادوەری و ونبوونی بەرپرسیارێتیی یاسایی بەرانبەر بە گیانی بەندکراوانی سیاسیی کورد و هەروەها، ئەمە بە هەوڵێک دەزانرێت بۆ شاردنەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناو دامەزراوە گشتییەکاندا.

ئەم هەڵسوکەوتانەی ڕێژیم دەرخەری ئەوەن کە سیستەمی قەزایی کۆماتی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دۆخێکی نائاسایی بەسەر بەندکراوانی سیاسییدا بسەپێنێت و نەبوونی شەفافیەت لە گواستنەوەکان و تێکەڵکردنی ئەرکەکان، ڕاستەوخۆ تەندروستیی دەروونی و جەستەیی بەندکراوانی سیاسیی دەخاتە مەترسییەوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە وردی چاودێریی ئەم گۆڕانکارییانە بکەن و ئەم کردارانە نیشانەی ترس و نیگەرانیی دەسەڵاتن لە کاریگەریی دەنگی ناڕەزایەتییەکان.

جێی ئاماژەیە کە دۆسییەی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنها کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سیاسەتی بەردەوامی سەرکوت و بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی کە خوازیاری ئازادی و دادپەروەریین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*