ناڕوونی چارەنووسی چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتنگە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا

خۆڕاگری :بە پێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٧مانگەلە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو تا ئێستا چارە نووسیان ناڕوونەو هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانیان لە بەر دەستدا نییە.

“محەممەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ سال خەڵکی دێولان” و “پژمان فاتحی تەمەن ٢٨ سال خەڵکی کامیاران” و “موحسین مەزلووم تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد” و “وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان ڕۆژی ١ی پووشپەری ١٤٠١ی هەتاوی لە گوندی یەنگیجەی سەر بە ناوچەی سۆماو برادۆستی پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کورەکانیان هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیرانیان لەبەردەست دا نییە.

شایانی باسە لە تا ئێستا لە ژێر ئەشکەنجەو دانپیدانانی زۆرەملێ دووجار ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەو چوار بەنکراوە سیاسییەی کورد لە تەلەڤزیونی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو بۆتەوە.کە شیمانەی ئەوە دەکرێت بە درووست کردنی پەروەندە بۆ ئەو چوار بەندکراوەی کورد سزای قوورس و زاڵمانە و دوور لە پڕنسیپەکانی ماف مرۆڤ لە لایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەریاندا بسەپێندری.