خۆڕاگری: ماوەی یەک حەوتوو دەبێ کە هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی “دلێر زاهیدیپوو” لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دلێر زاهیدیپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی یەک حەوتوو تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی دلێر زاهیدیپوور، هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.