دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی “ئومید خزرنژاد” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومید خزنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گردەبن”ـی سەربە شاری پیرانشار، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کرا و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لەو ڕۆژەوەی کە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەرکراوە، تائێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندی تەلەفوونی بیبەریی کراوە و هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری بانگکردن و دەسبەسەرکردنی و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.