ڕاپۆرتی خۆڕاگری لەسەر داخستنی دووکان و بازاڕی شارەکانی کوردستان بەمەبەستی ئیدانەکردنی سزای لە سێدارەدانی چوار تێکۆشەری کورد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر مانگرتنی خەڵکی شارەکانی کوردستان کە بە داخستنی بازاڕ و دووکانەکانیان کردەوە تێرۆریستی و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر تێکۆشەرانی کوردا شەرمەزار کرد، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە شارەکانی وەکوو؛ کرماشان، سنە، بۆکان، ڕوانسەر، مەهاباد، دیواندەرە، مەریوان، دێولان، سەوڵاوا، بانە، سەقز و چەند شار و ناوچەیەکی دیکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە شێوەیەکی بەربڵاو مانیان گرت.

بەپێی ئەو وێنە و ویدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە و “خۆڕاگری”ـیش بەشێکی ڕۆماڵ کردووە، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی “موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی” و هەڵکشانی ڕۆژانەی ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد، خەڵکی زۆربەی شارە جیاجیاکانی کوردستان  بە داخستنی بازاڕ و دووکانەکانیان مانگرتنی گشتییان بەڕێوەبرد و بەوشێوەیە پەیامێکیان بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا کە کورد یادی شەهیدەکانی خۆی بەڕێزەوە بەرز دەنرخێنێ و کردەوەکانی ئەو ڕێژیمەش شەرمەزار دەکات.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند کە، ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ مانگرتنە بەربڵاوی شارەکان، هێڵی تەلەفوون و ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لاواز بووە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا جێگیر کرابوون و لە چەند شاری دیکەش وەکوو کرماشان، سنە و بۆکان هەلیکۆپتەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بەمەبەستی ترساندنی خەڵک و ترس لە خۆپیشاندانی گشتیی بەسەر ئاسمانی ئەو شارانەدا دەسووڕایەوە.

سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەرمی بەندکراوانی سیاسیی لەسێدارەدراوی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردەوە، بەڵام خەڵکی کوردستان بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەیان بە تەنیا نەهێشت و بە ئامادەبوونیان لەبەر دەرکی ماڵی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە هاودەردی و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندوو و ڕقی خۆیان سەبارەت بە لەسێدارەدان نیشاندا و هەروەها خەڵکی دێولان بە ئامادەبوون لەبەر دەرکی ماڵی دایک و باوکی محەممەد فەرامەرزی، یەکگرتوویی خۆیان لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە و سەرجەم شەهیدانی شارەکە دەربڕیوە و شاری شەهیدەکانی دیکەش بەهەمانشێوە ئەو بنەماڵانەیان بەسەر کردۆتەوە و ئەوە لە حاڵێکدا بەڕێوەچووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلەو شارانەدا بڵاوەیان پێکراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکان بگرن، بەڵام خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان بێ گوێدان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم یادی شەهیدانی خۆیانیان بەرز و پیرۆز نرخاند.