دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە بەناوەکانی “ئیبراهیم سەجادی و حوسێن کەریمپوور” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیبراهیم سەجادی، خەڵکی ئاوایی “کۆڵج”ـی سەربە شاری سەوڵاوا و حوسێن کەریمپوور، خەڵکی ئاوایی “دەزاوەر”ـی سەربە شارۆچکەی نەوسوود، لە بازگەیەکی پشکنینی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پاوە، بەشێوەی توندوتیژی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان، ئێستا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پاوە بێوڵام ماوەتەوە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.