کۆماری ئیسلامیی ئێران چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارە دا

خۆڕاگری: موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی پژمان فاتیحی خەڵکی کامێران، موحسین مەزڵووم خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار خەڵکی بۆکان  محەممەد خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج جێبەجێ کرد لە کاتێکدا کە پەروەندەکەیان ناڕوون بوو و لە ماوەی ١٨ مانگ دەسبەسەربوونیاندا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بوون.

ئەو چوار بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان دوای ١٨ مانگ دەسبەسەربوون، بۆ یەکەمجار و دوادیدار لە بەندیخانەی “ئێڤین”ـی تاران لەگەڵ بنەماڵەکانیان چاوپێکەتنیان کرد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە چاودێریی چڕی هێزە سەرکوتکەرەکان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج گوزرانەوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، وێڕای مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە کوردە، ڕایگەیاند: تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیی و یاساکانی خودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە پەروەدندەکەیاندا ڕەچاو نەکراوە و کاروباری پەروەندەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە بەتەواوەی ناڕوون بووە لەکاتێکدا کە سزای سێدارەیان لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کراوە.

هەروەها ئەو چوار بەندکراوە لە ماوەی زیاتر لە ١٨مانگ دەسبەسەربوونیاندا لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفوونیشیان لەگەڵان بێبەش بوونە و لەسێدارەدان بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو بنەما سەرەکییانە نەک هەر نامرۆڤانەیە، بەڵکوو بەتەواوی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ ناتەبایە کە ڕێژیمی ئێران بۆخۆشی واژۆی کردووە و پابەندبوونی خۆی بەو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتیانە ڕاگەیاندووە.

شایانی باسە کە، ئەو چوار بەندکراوە سیاسییانە، ٢٧ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئیمان ئەفشاری”، بە تۆمەتی ‘افساد فی الارض’ لە ڕێگەی هاوکاری و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو سزایە لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە بەسەرۆکایەتی قازی “قاسم مەزینانی” پشتڕاست کرایەوە و هەروەها هەر کامەیان بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو ولە کۆتاییدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج لە سێدارە دران.