بانگکردنی مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پاوە بۆ دادگای تایبەت بە ڕوحانییەت

خۆڕاگری: مامۆستا هادی ئەحمەدی، مامۆستای ئایینی خەڵکی شاری پاوە بۆ دووهەمینجارە لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی ڕێژیمەوە لە کرماشان بانگ دەکرێ.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا هاتی ئەحمەدی، وانەبێژی قوتابخانەی زانستی دینیی “شەمسولعارفینی نەجاڕ”ـی شاری پاوەی، لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی ڕێژیم لە شاری کرماشان، بۆ جاری دووهەم بانگ کراوە کە دەبێ ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی داهاتوو لەبەردەم دادگای ڕوحانییەتی ئامادە بێ.

شایانی باسە کە، مامۆستا هادی ئەحمەدی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی مانگی ڕابردوو لەلایەن هەمان دادگای ڕێژیمەوە بانگ کرابوو و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری بانگکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.