چالاکوانێکی ئایینی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: نەبی وەیسی، چالاکی ئایینیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نەبی وەیسی، چالاکی ئایینیی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بەبێ بوونی هێچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکردنی تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.