خۆراگری: مەتین حەسەنی، خەڵکی بۆکان و یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مەتین حەسەنی، لاوێکی ٢٣ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێکە لە بریندارانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی کە چاوێکی بە سەختی بریندار کراوە، جارێکی دیکە لە ماڵی خۆیان، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەری و دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
پاش ئەوەیکە ناوبراو ناوبراو سەردانی سەر گۆڕی شەهیدانی شۆڕشی ژینای کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەسبەجێ هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەریان کرد و هەروەها مەتین حەسەنی، لە درێژەی خۆپیشاندانە گشتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٧، بە تەوەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چاوێکی بە سەختی بریندار کرا.
جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو مانگی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە بۆ چارەسەری چاوە بریندارەکەی چوو بۆ تاران و لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک دانانی بارمتە ئازاد کرا.