بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سەلمان ئەفرا، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەلمان ئەفرا، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “نێ”ـی سەربە شاری مەریوان بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەریوان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر سەلمان ئەفرا و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ شوینێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.