سامان یاسین پاش زیاتر لە ٢ساڵ بەندکردن بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سامان یاسین، هونەرمەندی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان پاش زیاتر لە ٢ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانە بە دانانی بارمتەی قورس، بۆ چارەسەری نەخۆشی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، سامان یاسین، هونەرمەندی “ڕەپێر”ـی خەڵکی کرماشان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، دوای ٢٦مانگ زیندانی، بۆ یەکەمجار بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٤ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەهی پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی دژبە کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر ڕفێندرا و هەروەها دواتر لەلایەن لقی ١۵ی دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە لە تاران بە سەرۆکایەتی قازی “سەڵواتی” بەتۆمەتی موحارەبە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و بڕیاری دادگا لەسەر ئەو سزایە بەفەرمی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا.