دەسبەسەرکردنی سێ مێرمنداڵی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ مێرمنداڵی خەڵکی بۆکان بەناوەکانی میلاد ناسری، وریا فەقێ‌عیسا و ئاکام ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، میلاد ناسری، وریا فەقێ‌عیسا و ئاکام ئەمینی، سێ مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی گوندی “کانییەڕەش”ـی سەربە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووی ئەو سێ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.