خۆراگری: ساسان چەمەنئارا هونەرمەندی خەڵکی ئیلام و پەرەستوو چەمەنئارا خوشکی ناوبراو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٥ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی” ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و پەرەستوو چەمەنئارای خوشکی و هاووڵاتیی خەڵكی شاری ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ساسان چەمەنئارا لە کاتی شۆڕشی ژینادا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی سەید عەلی مەزڵووم، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.
جێی ئاماژەیە ئەو خوشک و برایە لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماەوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان پێنەداون.

Be the first to comment