دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەیووب ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەیووب ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ئارەنان”ـی سەربە شاری سنە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەری، دەسبەسەریان کردووە و پاشان گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هەروەها دوو ئامۆزای ناوبراو بە ناوەکانی “عەلی و دیار ئەحمەدی” ماوەی ٢٥ڕۆژ دەبێ کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، تا ئێستا هیج زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەیووب ئەحمەدی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونەکەنای بنەماڵەی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.