سەپاندنی سزای بەندکردن و پێبژاردن بەسەر هاووڵاتییەکی بۆکانیدا لەلایەن ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردن و پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان کە نزیکەی دوو مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، سزای ١١٣میلۆن تمەن پێبژاردن و ٣١ڕۆژیش بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لە بەردەستدا نییە کە ناوبراو لەسەر چ تۆمەتێک دەسبەسەر و سزای دراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر تۆمەتی وەپاڵ دراوی ناوبراو هیچ زانیارییەکیان نەخسۆتە ڕوو.