خۆڕاگری: حەمید چەپاتی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی ورمێ کە سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپیندرابوو، دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە دوو مانگ، بە پێبەدنی ئەلیکترۆنیکی ئازاد کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٦ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی) حەمید چەپاتی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی ورمێ کە پێشتر بۆ جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرابوو، دوای تێپەڕاندنی نزیک بە دوو مانگ و نیو بەندکردن، بە چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنیکی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا و درێژەی ماوەی سزاکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و بە سنووردارکردنی هاتووچۆ لە ماڵەکەی خۆیدا بەسەر دەبات.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خەرمانانی ئەمساڵ (٩ی ٩ی ٢٠٢٥ی زایینی) لەلایەن لقی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ڕێژیم لە ورمێ بانگ کرا و هەرلەوێ بە مەبستی تێپەڕاندنی سزای شەش مانگ لە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو، دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانە کرا و هەروەها ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی “شاهینی” بەتۆمەتی پرۆپاگەندە بەدژی حکوومەت و شێواندنی بیروڕای گشتی، سزای ٣ مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێنرابوو.
